حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

حەسەن ئەمینی ڕۆژی ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٥ی جولایی ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (٩ی ژوەنی ٢٠٢٣) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە و سنە کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی سەقز و بۆکاندا کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. محەممەد ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکراندا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە شێوەیەک کە هەردوو گوێچکەکەی و دەفەی سینگی زەبری جیدیی بەر کەوتبوو.

حەسەن ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

محەممەد ئەمینی، ٣٣ ساڵان، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەروییەکانی سنە و لە گەڕەکی کارئامووزی بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.