لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاوە گەوێڵی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە شەقامێکی ئەم شارەدا و مەنسوور سڵامەت، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «پسان»ی ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەدا لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەت، کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانبار (٢٧ی دیسامبەر) مەنسوور سڵامەت، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «پسان»ی ورمێ، دوای هێرشکردنی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت بۆ سەر ماڵەکەی، بە تۆمەتی «ڕاگرتنی چەکی ڕاو» دەستبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ کە بە دەستبەسەرگەی «دوقوزپلە» ناسراوە و دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی ئەشکەنجەکانی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەتەوە گیانی لە دەست دا.

بە وتەی کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە، دوای تێپەڕینی چەند کاتژمێرێک بەسەر دەستبەسەرکردنی مەنسوور سڵامەتدا، هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت پێوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کرد و پێیان ڕاگەیاندبوون کە ئەم هاووڵاتییە بە جەڵدەی دڵ گیانی لە دەست داوە و داوایان لێ کردبوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی سەردانی پزیشکیی داد بکەن.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی مەنسوور سڵامەت وێڕای ڕەتکردنەوەی بانگەشەکەی پۆلیسی ئەمنییەت، ڕایانگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە پێشینەی هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبووە و داوای پشکنین و توێکاریی تەرمەکەیان کردووە. هەر لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر ئەم بنەماڵەیە و بە مەبەستی زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هێزەکانی یەکەی تایبەت بە گوندی پساندا سووڕاونەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی زیاد کرد کە تەرمی ئەم هاووڵاتییە لە پزیشکیی دادەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە گوندی پسان ئەسپەردە کراوە، هەروەها لە کاتی شتنی تەرمەکەدا، بنەماڵەکەی ئاسەواری شینبوونەوە و خوێنلێچوونی گوێچکەیان بە تەرمەکەوە بینیوە.

عەقید (سەرهەنگ) محەممەدعەلی حەقویریدان، سەرۆکی پۆلیسی ئەمنییەتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا ئەگەرچی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییەی پشتڕاست کردبووەوە، بەڵام «نەخۆشیی سەخت و بێچارەسەر»ی بە هۆکاری گیانلەدەستدانی لە قەڵەم دابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانباریش (٢٤ی دیسامبەر) هاووڵاتییەکی ٣٧ ساڵانی خەڵکی سنە بە ناوی کاوە گەوێڵی لە گەڕێکی ٢٥ی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی بنکەی پۆلیس (کەلانتەری)ی ١٥ی سنە کوژراوە.

دەوترێت دوای ئەوەی شەڕێکی بەکۆمەڵ لە گەڕەکی ٢٥ی سنەدا ڕووی دابوو، هێزەکانی بنکەی پۆلیس (کەلانتەری)ی ١٥ی ئەم شارە لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لەم هاووڵاتییە کردووە و کوشتوویانە.

تەرمی ئەم هاووڵاتییە دوای واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراو سەبارەت بە بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتنەکەی، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە گوندی «کێڵانە»ی سنەدا بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوە چوو.