تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە عەقید (سەرهەنگ)ێکی سوپای پاسداران بە ناوی محەممەد مێهردادی، خەڵکی شاری مێهرانی پارێزگای ئیلام، لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرماناندا (٥ی سێپتامبەر) دوای ئەوەی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی چووەتە بەردەم بنکەی فەرماندەیی سوپای پاسارانی شۆڕشی ئیسلامی لە تاراندا، بە دەسڕێژی پاسەوانی یەکێک لە فەرماندە بەرزەکانی سوپا کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «محەممەد مێهردادی لەبەر کێشە و گرفتی ئابووری و بە مەبەستی داواکردنی پاشەکەوتی مووچەکەی لە ئیلامەوە چووە بۆ تاران تاکوو لە بەردەم بنکەی فەرماندەیی سوپادا ناڕەزایی دەرببڕێت. ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) لە بەردەم نووسینگەی ئەم ڕێکخراوەیە و لە حاڵێکدا کە بە دەبەیەکی پڕ لە بەنزینەوە ویستوویەتی خۆی بسووتێنێت، لە کاتی چوونەدەرەوەی یەکێک لە فەرماندە بەرزەکانی سوپا لە بیناکەوە بەرەو ئەو فەرماندەیە دەڕوات و ڕێک لەم کاتەدا یەک لە پاسەوانەکانی ئەو فەرماندەیە دەسڕێژی لێ دەکات و دەیکوژێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەرمی محەممەد مێهردادی دوای ٤ ڕۆژ و لە رێکەوتی شەممە ١٨ی خەرماناندا (٩ی سێپتامبەر) ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە، بە چەشنێک کە بنەماڵەکەی ناچار بوون پێش ئەسپەردەکردن ڕێوڕەسمی سەرخۆشیی بۆ بگرن. هەروەها ژمارەیەک لە بەرپرسانی خۆجێیی سوپای ناوچەی مێهران ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی محەممەد مێهردادی لە ئیمامزادە حەسەنی شاری مێهراندا بەشدارییان کردووە و وشەی «شەهید»یان بۆ بە کار هێناوە.

محەممەد مێهردادی عەقیدی خانەنشینی سوپای پاسداران و لە بریندارانی شەڕی ئێران و ئێراق بوو.