کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە لەم دوو حەفتەیەی دواییدا ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، چوار جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بانگهێشت کراوە و خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە دوایین حاڵەتدا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەر) لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت کراوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز و دوای ئامادەبوون لەم دەزگا ئەمنییەدا بۆ ماوەی کاتژمێرێک خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ناوەرۆکی لێپرسینەوەکان وتی: «لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات گوشاریان خستووەتە سەر ئەمجەد ئەمینی تاکوو پەیامەکەی چەند ڕۆژ لەمەوپێشی بنەماڵەی ئەمینی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی ژینا بە درۆ بخاتەوە».

لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها هەڕەشەیان لە باوکی ژینا کردووە کە لە ئەگەری چالاکبوون و بڵاوکردنەوەی پەیام لە لایەن هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و چوونەسەر مەزاری ژینا و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادەکەی، منداڵەکەی تریان، ئەشکان، دەستبەسەر دەکەن.

موژگان ئێفتخاری و ئەمجەد ئەمینی، دایک و باوکی ژینا ئەمینی، چەند ڕۆژ لەمەوپێش بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی هاوبەش لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکانی خۆیاندا، نووسیبوویان: «ئێمە، بنەماڵەی ژینا، وەکوو هەموو بنەماڵەیەکی داخدار، لە ساڵیادی شەهیدبوونی منداڵە جگەرگۆشەکەماندا ژینا ئەمینی، دەچینە سەر مەزاری ئەو ئازیزە کۆچکردووە و ڕێوڕەسمی سوننەتی و مەزهەبیی ساڵیادی بەڕێوە دەبەین».

پێشتر و لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتدا بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا.

سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵە بۆ دادگا و ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سەفا عائیلی بەردەست نەکەوتووە.