سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی سەقز و بۆکانەوە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی سوپای پاسداران تا ئێستایش بە چەکی سووک و نیوەقورسەوە لە دەروازەکانی ئەم دوو شارەدا ماونەتەوە و کۆنترۆڵی هاتوچۆی هاووڵاتیان دەکەن. ئەم هێزانە و هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی ئەم دوو شارەدا ئامادەبوونی بەرچاویان هەیە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە شارەکانی دێولان و سەقزەوە بە دەستمان گەیشتووە، لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، یەکەم ساڵرۆژی گیانبەختکردنی ڕەزا لوتفی و فەرەیدوون مەحموودی بەڕێوە نەچووە.

هێزەکانی سوپای پاسداران لە دێولان هەموو ڕێگاکانی گۆڕستانی ئەم شارەیان داخستووە و نەیانهێشتووە خەڵک بڕۆنە سەر مەزارەکەی ڕەزا لوتفی. هەروەها درۆنی چاودێریی سوپای پاسداران بەسەر ئاسمانی ئەم شارە و کۆڵانی ماڵەکەی ئەم گیانبەختکردووەدا سووڕاونەتەوە.

ڕەزا لوتفی و فەرەیدوون مەحموودی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبەر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی دێولان و سەقزدا بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان بەخت کرد.

هاوکات بنەماڵەی عیرفان خەزایی، لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەهریاری پارێزگای تاران ڕایانگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوڕەکەیان بەڕێوە نابەن. دامودەزگا ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەم بنەماڵەیە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کوڕەکەیان بەڕێوە ببەن.

عیرفان خەزایی، خەڵکی کەنگاوەری پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شەهریاری پارێزگای تاران، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.

لە درێژەی گوشاری سەر بنەماڵەی دادخوازاندا، زانا فەتاحی، کوڕی جەوهەر فەتاحی لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆ، بانگهێشتی بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراوە و لاپەڕەکەی لە تۆڕی ئینستاگرامدا لە لایەن لێپرسەوەکانی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە داخراوە.

جەوهەر فەتاحی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانی بەخت کرد.