بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبەر) خەسرەو فەتحی، کوڕی حەیبەڵڵا فەتحی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، دوای ١٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە. خەسرەو فەتحی ڕۆژی یەکشەممە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەرەوە ڕەوانەی زیندانی دیواندەرە کرابوو.

تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. خەسرەو فەتحی لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.

حەیبەڵڵا فەتحی، هاووڵاتیی ٦٢ ساڵانی خەڵکی دیواندەرە، ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد.

دامودەزگا ئەمنییەکان لە درێژەی گوشاری سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانەکانی یەک ساڵی ڕابردوودا، لەم حەفتانەی دواییدا هەندێ لە ئەندامانی ئەم بنەماڵانەیان لە سەرانسەری ئێراندا بانگهێشت یان دەستبەسەر کردووە تاکوو ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی ساڵیادی گیانبەختکردوان بکەن.

ئەمجەد ئەمینی و سەفا عائیلی، باوک و خاڵۆی ژینا ئەمینی، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری، شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، ڕێزان ساعیدی و موعید ساعیدی، پوور و برای سارینا ساعدی، ئومید نیازی، برای موحسین نیازی، خەسرەو فتحی، کوڕی حەیبەڵڵا فەتحی و بنەماڵەی عیرفان خەزایی، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە.