ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە (١٦ی مارس) شوعەیب زارعی، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە نزیک بارەگای ئەم حیزبە لە گوندی «زڕگوێز»ی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا. ئەم حیزبە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە شوعەیب زارعی بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆر کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی دوێنێ شوعەیب زارعی، ٣٤ ساڵان و خەڵکی گوندی «تەختە»ی ناوچەی ژاوەرۆی سنە کە نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش چووبووە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، لە نزیک بارەگای ئەم حیزبە تیرۆر کراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، بکەری ئەم تیرۆرە لە کاتێکدا کە دەیویست لە هەرێمی کوردستان هەڵبێت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمەوە لە سنووری پێنجوێن دەستبەسەر کراوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم ئەندامەی کۆمەڵە بەپێی پلانێکی گەڵاڵەبۆداڕێژراو و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کراوە: «ئێمە ئەم تیرۆرە گەڵاڵەبۆداڕێژراو و کارە ترسنۆکانەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی شەرمەزار دەکەین… کۆماری ئیسلامی وەکوو هۆکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی تیرۆریسم لە ناوچەکەدا دەبێ لە بەرانبەر ئەم کردەوە و تاوانە لەکۆنترۆڵ‌نەهاتووانەیدا لێپێچینەوەی لێ بکرێت».

لە یەک ساڵی ڕابردوودا تا ئێستە سێ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی سیامەند شابۆیی، لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر لە لایەن دەست‌وپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون. هەروەها سوهراب ڕەحمەتی، پارێزەری کوردی دانیشتووی هەولێریش بە هۆی وەرگرتنی ئەرکی پارێزەریی دۆسیەی تیرۆری دژبەرانی سیاسیی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان، کەوتە بەر پەلامارێکی تیرۆریستی و بریندار کرا.