سەرەڕای تێپەڕینی ٧ ڕۆژ لە ڕادەستکردنەوەی زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی ئاریا یووسفی، کوڕی ١٨ ساڵانی فاتمە داوەند لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەلاڕێزازانی ١٣٩٨ (نۆڤامبەری ٢٠١٩)، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە. ئاریا یووسفی دوای ڕادەستکردنەوە بە ئێران لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنووری ماکۆ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە دوای دەرکردنی لە تورکیا و دەستبەسەرکردنی لە ئێراندا، ئاریا یووسفی هیچ دیدار یان پێوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە. پاش بەدواداچوونەکانی باوکی ئاریا، داواکاری گشتیی ماکۆ ڕایگەیاندووە کە کوڕەکەی سبەینێ بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ورمێ دەکرێت».

ئاریا یووسفی لەگەڵ فاتمە داوەندی دایکیدا ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە کاتێکدا کە بەتەما بوون «بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی» تورکیا بەجێ بهێڵن، لە لایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر کران و مەترسیی دەرکردنیان لە تورکیا و ڕادەستکردنەوەی زۆرەملێیان بە دەوڵەتی ئێران لە ئارادا بوو.

ئەگەرچی خانمی داوەند لە ڕەوتی دەرکردن لە تورکیادا توانیبووی هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی سێهەم، بەڵام منداڵەکەی، ئاریا یووسفی، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و لە سنووری بازرگانەوە ڕادەست کرایەوە و هەر لەوێ لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

فاتمە داوەند هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبەری ٢٠١٩)  لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، ڤیدیۆی دانپیانانی زۆرەملێی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرایەوە. پاشان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (٢٥ی مارسی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

فاتمە داوەند لە گوڵانی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دوای قبووڵکردنی ئەم حوکمەکەی دادگا و بەپێی یاسا، سزاکە کەم کرایەوە بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران. فاتمە داوەند لە دۆسیەیەکی تر و لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (فێبرییەی ٢٠٢١) لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ئاژاوەگێڕییەکاندا» و «لابردنی سەرپۆش و حیجاب»، دادگایی کرا. لەم دادگایەدا کە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مێهدی تەقیزادە بەڕێوە چوو، تۆمەتی لابردنی سەرپۆش و حیجابی لەسەر لاچوو، بەڵام بۆ تۆمەتەکەی‌تر سزای ٥ مانگ بەندکران و ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

فاتمە داوەند لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (نۆڤامبری ٢٠٢١) دوای قبووڵکردنی داواکارییەکەی بۆ ئازادبوونی مەرجدار، لە زیندان ئازاد کرا و دوای مانگێک ئێرانی بەرەو تورکیا بەجێ هێشت. ئەم هاووڵاتییە یەک لە شایەتحاڵانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان بوو کە بە دەسپێشخەریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (نۆڤامبەری ٢٠٢١) لە لەندەن بەڕێوە چوو.