بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو پەناخوازێکی سیاسیی کورد بەناوی “عادل بەهرامی” لەگەڵ ٣٢ پەناخوازی دیکە لە وڵاتی تورکیاوە بۆ ئێران سنوورداش کرانەوە.

هاوڕێیەکی عادل بەهرامی لە تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: “عادل بەهرامی پاش هاتن بۆ تورکیا لە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.٠٨.٢٨، سەردانی بنکەی ئەنقەرەی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناخوازانی کرد. ئەو ڕێکخراوە داخوازییەکەی تۆمارکرد و بۆ شاری ئاماسیا لە باکوری تورکیا بەڕێی کرد”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە چەندین مانگ پاش نیشتەجێبوون لە شاری ئاماسیا هیچ ناسنامەیەک نەدرابوویە عادل بەهرامی، هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاری دا بە شێوەی “نایاسایی” لە تورکیا بچێتە دەرەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ساڵی پار / ٢٠١٨.١٢.١٤، لە کاتی چوونەدەرەوە لە تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئانتالیا دەستبەسەرکرا و تا ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان / ٢٠١٨.٠١.٢٤ لە بەندیخانەدا بوو. پاشان دۆسییەکەی نێردرا بۆ دادگا و لە دوو قۆناغی جیاوازدا بڕیاردەا سنوورداش بکرێتەوە بۆ ئێران”.

عادل بەهرامی لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.١٢.١٩، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاوڕێکانی ئاگادارکردبووەوە کە “پۆلیسی تورکیا وا خەریکە دەیگوازێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار” و ڕۆژی ٢ی بەفرانبار / ٢٠١٩.١٢.٢٣ ڕایگەیاندبوو کە گوازراوەتەوە بۆ شاری ئاگری کە کەوتووەتە سنووری ئێران و تورکیاوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا گوتی: “ڕۆژی ڕابردوو، ٥ی بەفرانبار / ٢٠١٩.١٢.٢٦،عادل بەهرامی لەگەڵ ٣٢ پەناخوازی دیکە لە ڕێگەی دەروازە سنووریی بازرگانەوە بۆ ئێران سنوورداش کرایەوە، نووسینگەی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناخوازانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا منیان ئاگادار کردەوە”.