سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چالاکی فەرهەنگیی کورد ئانیسا جەعفەری‌مێهر لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شابادی پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هێشتا دیار نییە کام دەزگای ئەمنی ئەم چالاکوانە کولتوورییەی دەستبەسەر کردووە و بۆ کوێی گواستویتەوە.

بە وتەی بنەماڵەی ئانیسا جەعفەری‌میهر، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنی و چەکدارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و کچەکەیانیان دەستبەسەر و کەلەبچەیان کردۆتە دەستی. هەروەها ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر لەبتاب، مۆبایل و هەندێ لە کتێبەکانیدا گرتووە.

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، دەرچووی ماستەری لقی زمانناسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی ئەدەبی و هونەریی «ژێ»یە. ئەم چالاکوانە کولتوورییە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٨ لە لایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لەسەر چالاکییە کولتووری و ئەدەبییەکانی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.