بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لانیکەم ١٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی دێولان، دیواندەرە، سنە، شنۆ، پیرانشار، شاباد و ئیلام لە پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەم کەسانە ٣ کەسیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندان ڕەوانەی بەندیخانە کراون و ١١ کەسی‌تریان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە شاراوەکانی ئەم دوو ڕێکخراوە ئەمنییە.

لەم مانگەدا ٥ کەس لە دەستبەسەرکراوان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ئەوانی‌تر هێشتا هەر دەستبەسەرن و زۆربەشیان تا ئێستا مۆڵەتی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیان وەرنەگرتووە.

هەروەها هەر لەم مانگەدا لانیکەم ١٥ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشەوە لە شارەکانی سنە، مەریوان، ورمێ و تاران بە تۆمەتی سیاسی، بە گشتی حوکمی ٨٤ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانکردنیان بۆ بڕاوەتەوە.