شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییان و چالاكوانانی كورد له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه له شاره جۆراوجۆره‌كان كه له ڕۆژی شه‌ممه ٢٠ی به‌فرانبارەوە (٩ی ژانویه) ده‌ستی پێ كردووه، هێشتا درێژه‌ی هه‌یه و به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان تاكوو ئێستا لانیكه‌م ٤١ كه‌س له شاره‌كانی مه‌هاباد، بۆكان، مه‌ریوان، سنه، ڕه‌به‌ت، سه‌وڵاوا، پیرانشار، نه‌غه‌ده، كه‌ره‌ج و تاران ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، له ناو سەرجەم دهستبهسهركراوندا ته‌نیا یه‌ك كه‌س دوای شه‌ش ڕۆژ ئازاد كراوه و ٤٠ كه‌سی دیكه هێشتا له دهستبهسهرگهكانی دوو ڕێكخراوی ئه‌منییه‌تی، واته ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وه‌زاره‌تی ئیتلاعات، له شاره‌كانی ورمێ، سنه و مه‌ریوان ڕاگیراون.
به‌پێی دوایین هه‌واڵێك كه له ڕێگای سه‌رچاوه ئاگادارهكانهوه له شاره‌كانی بۆكان، پیرانشار و نه‌غه‌ده له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان گه‌یشتووه، ئه‌مڕۆ و دوێنێ لانیكه‌م ١٣ هاووڵاتی و چالاكوانی كورد له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی شوێنه نادیاره‌كان كراون. كاربه‌ده‌ستانی ئه‌منییه‌تی له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م كه‌سانه‌دا ده‌ستیان داوه‌ته پشكنینی ماڵه‌كانیان و ده‌ستیان گرتووه به سه‌ر كه‌لوپه‌له شهخسییهكانیاندا، وه‌كوو موبایل، له‌بتاپ و … هه‌روه‌ها دەستبەسەرکردنی ژماره‌یه‌ك لەم کەسانە توندوتیژیی جه‌سته‌یی و سووکایەتیكردنی هێزە ئەمنییەکانیشی لەگەڵ بووە.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی سێشه‌ممه ٣ی به‌فرانبار (٢٠ی ژانویه)، فه‌ریبا ئه‌حمه‌دی، ڕۆژین موحه‌ممه‌دپوور، فواد موحه‌ممه‌دپوور، هێرش ڕهسووڵپوورو حوسێن مێهرهنابی، محه‌ممه‌د حاجی ڕه‌سووڵپوور، عه‌لی زوڵفی له بۆكان، كه‌ریم خه‌لیفانی، حیسامه‌دین خزری، ڕه‌حمان ئیبراهیمی و ڕه‌سووڵ لاوازه له پیرانشار، دیاكۆ زه‌رده‌شتی له نه‌غه‌ده و ڕۆژی چوارشه‌ممه ١ی ڕێبه‌ندانیش، قادر ڕه‌سووڵپوور له گوندی «ئهلیكهند»ی بۆكان ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان پێشتر ناوی ٢٨ هاووڵاتی و چالاكوانی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی كوردی ڕاگه‌یاندبوو، كه ناو، ڕێكه‌وت و شوێینی ده‌ستبه‌سه‌ربوونیان به‌م شێوه‌یه:
شه‌ممه ٢٠ی به‌فرانبار (٩ی ژانویه)
ئه‌سرین محه‌ممه‌دی له تاران
ئارام یووسفی لە سنە
فه‌رزاد سامانی و سۆهه‌یب بادرووج له كه‌ره‌ج
شه‌پۆل خزری، ده‌ریا تاڵه‌بانی، سالار ڕه‌هه‌وی، سیروان نووری، ئه‌فشین مامئهحمهدی، سیروان حوسێنزاده و ئیمان عه‌بدی له مه‌هاباد
به‌همه‌ن یووسفزاده، فه‌رهاد مووساپوور و فه‌ریدوون مووساپوور له ڕه‌به‌ت
عه‌زیمه ناسری له بۆكان
دانا سه‌مه‌دی، سیروان كهریمزاده، كاروان مینوی، زانیار موعته‌مێدی و سه‌لمان ئه‌دوایی له مه‌ریوان
یه‌كشه‌ممه ٢١ی به‌فرانبار (١٠ی ژانویه)
جەبار پیرووزی لە مریوان
دووشه‌ممه ٢٢ی به‌فرانبار (١١ی ژانویه)
حوسێن گه‌ردشی له بۆكان
سێشه‌ممه ٢٣ی به‌فرانبار (١٢ی ژانویه)
عادڵ په‌روازه له مریوان
سیامه‌ك ئه‌دوایی و ئه‌كرەم ئه‌دوایی له سه‌وڵاوا
پێنجشه‌ممه ٢٥ی به‌فرانبار (١٤ی ژانویه).
ئه‌میر بایزیدی ئازه‌ر له گوندی «لج»ی مه‌هاباد
دووشه‌ممه ٢٩ی به‌فرانبار (١٨ی ژانویه)
فه‌ره‌یدوون ئه‌دوایی له سه‌وڵاوا
كاوه كرماشانی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، پێشتر ڕایگەیاندبوو كه پێده‌چی ژماره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئه‌م دواییانه له‌وه‌ش زیاتر بێ و سەبارەت بە هۆکاری ده‌ستبه‌سه‌ركردن و جۆری چالاكیه‌كانی ئه‌م كه‌سانه وتبووی: «زۆربه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی ئه‌م دواییانه له بواره جورواجۆرهكانی مه‌ده‌نی، فه‌رهه‌نگی، ژینگه‌پارێزیی و خوێندكاری‌دا چالاك بوون و بەشێکیشیان ته‌نیا هاووڵاتیی ئاسایین. هێزه ئه‌منییه‌كان نه ته‌نیا هیچ حوكمێكی قه‌زایی و هۆکاری یاساییان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م كه‌سانه نیشان نه‌داوه، به‌ڵكوو به شێوه‌ی خۆسه‌رانه و نایاسایی و به په‌نابردن بۆ توندوتیژیی جه‌سته‌یی و سووکایەتیكردن ده‌ستبه‌سه‌ریان كردوون، سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌كانیان تا هه‌نووكه هێشتا به شێوه‌ی یاسایی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه خراونه‌ته پاڵیان ڕانه‌گه‌یه‌نراوه».
ناوبراو ئەم دەستبەسەرکردنانە بە درێژەی ڕەوتی هەمیشەیی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی ڕەخنەگری سیاسەتەکانی حکوومەت دەزانێت و دەڵێت: «ئەم شێوازە هەڵسوکەوتەی حکوومەت شتێکی تازە نییە و لەم ساڵانەی دواییدا هیچکات ئەم ڕەوتە نەوەستاوە کە ئێستە بمانەوێ باسی دەستپێکردنەوەیەکی دووبارە بکەین. تەنیا ئەوەیە کە هەندێ جار ئەم ڕەوتە بەربڵاوتر دەبێتەوە.».
ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ وێڕای ئاماژەکردن بە نموونە هاوشێوەکانی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لەم ساڵانەی دواییدا، سیناریۆسازیی ئەمنیەتی و زەخت و گوشار بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بە میتۆدێکی ئاسایی و ناسراو لە کاتی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵدا دەزانێت و دەڵێت: «وا دیارە بەشێکی ئەم دەستگیرکردنە هاوکات و بەکۆمەڵە پێوەندیی بە دۆسیەسازیی هاوبەشی ڕێکخراوە ئەمنییەکانەوە هەیە». ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئەگەری سیناریۆسازی و دۆسیەسازییەکان، نیگەرانیی خۆی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنەکان، دۆخی ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوان و هەروەها ئەگەری بەکارهێنانی ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی و جەستەییدا دەربڕی و داوای لە ڕای گشتی، دامەزراوە و چالاکانی مافی مرۆڤ کرد ناڕەزایی خۆیان لە ئاست دەستبەسەرکردنەکاندا ڕابگەیەنن و وێڕای پشتیوانیکردن لە هەموو زیندانییان و دەستبەسەرکراوانی سیاسی، داوا لە دامەزراوە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن زووبەزوو هەرهەموویان ئازاد بکەن.