بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان ئەنسار ئەدوایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «سلێن»ی هەورامانی شاری سەوڵاوا، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٤ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧دا و دوابەدوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان دەستبەسەر کرابوو و دوای ١٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨دا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)» سزای ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا کەم کرایەوە بۆ ٤ مانگ.