لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم سێ چالاکی کوردی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی محەممەدمیرزا ڕەحمانی، سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. دەوترێت دەزگا ئەمنییەکان ڕایان گەیاندووە کە بەشداریکردنی ئەم کەسانە لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورددا هۆکاری دەستبەسەرکردنیان بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار محەممەدمیرزا ڕەحمانی، زانای ئایینیی سوننەی کورد، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانباریش دوو چالاکی مەدەنی و هاوبەندی پێشووی حەیدەر قوربانی بە ناوەکانی بورهان کەمانگەر و سیروان قوربانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامەکانی کامێران دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران وتوویەتی ئەم کەسانە لەبەر بەشداریکردن و وتارخوێندنەوە لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانیدا دەستبەسەر کراون.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزیشدا چالاکی ژینگەپارێزی کورد ئامانج قوربانی دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران دەستبەسەر کرابوو.