لە ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەدمیرزا ڕەحمانی، مامۆستای ئایینیی کورد، لەگەڵ ٣ چالاکی مەدەنیی دیکەی خەڵکی کامێراندا بە ناوەکانی سیروان قوربانی، ئامانج قوربانی و بورهان کەمانگەر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی سنە و کامێران ئازاد کراون. ئەم کەسانە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕەوڕەسمی سەرەخۆشیی زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد حەیدەر قوربانی لە شاری کامێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەدمیرزا ڕەحمانی و ئامانج قوربانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و بورهان کەمانگەر و سیروان قوربانییش ڕەوانەی زیندانی کامێران کرابوون.

ئەم کەسانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

ئامانج قوربانی و محەممەدمیرزا ڕەحمانی لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز و ١ی بەفرانباردا دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران دەستبەسەر کران. هەروەها ڕۆژی ٢ی بەفرانباریش سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر لە شەقامەکانی شاری کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

زیندانیی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزدا بە نهێنی لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و سەرەڕای هەڕەشەکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە بنەماڵەکەی و ئامادەبوونی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان، ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەم زیندانییە سیاسییە ئێعدامکراوە بە بەشداریی سەدان هاووڵاتی لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەڕێوە چوو.