بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبر) خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلامدا کەوتە بەر هێرشی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی ئەم هێزانەدا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی بە چەکی ساچمەزەن بریندار بوون.

هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی ئەم شارە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەم شارەوە بە دەستمان گەیشتووە، تا ئێستە لانیکەم ٢٣ هاووڵاتی، لەوانە منداڵێک، دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەحمەد عەلیزاده (مامۆستا)، سەعید ڕەحمەتی، ڕوحوڵڵا ڕەحیمی، بابەک دانیالی، حەمید بووچانی، محەممەد بووچانی، سەجاد خەیری، ئارمین خەیری (منداڵ)، بێهزاد خەیری، ئەمیرحسەین وەلی‌زاده، عەلی سلێمانی، مەجید حاجیان، ماشەڵڵا حەق‌‌نژاد، حەسەن لالەزاری، مووسا پیرانی، حسەین کوولیوەندی، کووروش ڕەحمەتی، جەلال عەبدوڵڵاهی، بێهرووز شێخی، عەلی کوولیوەندی، ، مووسا سەبزەواری، سەجاد ڕەحمانی و ڕەزا مورادخانی لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی شاری ئاوداناندان.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلامدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.