لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٣ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابیری کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری کۆساڵان چووبوونە ناوچەکە، دوای گەڕانەوە لە کوژاندنەوی ئاگرەکە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێنراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابیری، لە چالاکانی ژینگەپارێزی کامێران کە لە جەند ساڵی ڕابردوودا دەورێکی بەرچاویان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ئەم ناوچەیەدا هەبووە، دوای گەڕانەوە لە کوێستانی کۆساڵان لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێنراون، ئەم چالاکانە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانە جووبوونە کۆساڵان کە لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی سوپای پاسداراندا دارستانەکانی ناوچەکەی سووتاندووە.

هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتیانە، ڕایانگەیاندووە کە هاتوچۆکردن بۆ ناوچەی کوێستانیی کۆساڵان قەدەغەیە و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی ئەم ٣ چالاکە ژینگەپارێزەیان دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت ئەم ٣ جالاکە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە کراون.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی هەورامانەوە بە دەستمان گەیشتووە، هێزەکانی سوپای پاسداران بەردەوامن لە وێرانکردنی سروشتی کۆساڵان لە ڕێگای دروستکردنی جادە و سەربازگەیەکی تازەوە لە بەرزاییەکانی ئەم کوێستانەدا.

لە رۆژی ٢٢ی جۆزەردانەوە (١٢ی ژوەن) سوپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕێکی سەربازییەوە لەژێر ناوی «موحەڕەم»دا دەستی کردووە بە تۆپبارانکردنی چری کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان. لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداراندا بەشێکی گەورەی ناوچە پارێزراوەکانی کۆساڵان سووتاون. هەروەها هێزەکانی سوپای پاسداران هەندێ لە دارستانەکانی گوندەکانی نزیک مەریوانیشیان تۆپباران کردووە کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی «بێلوو»، «دەرەتفێ»، «چۆڕ» و «بەردەڕەشە»دا. لە هەندێک لەم ناوچانەدا سەرەڕای هەوڵی فراوانی چالاکانی ژینگەپارێز، تا ئێستە ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.