٣ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابیری کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا (٢٠ی ژوەن) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی کۆساڵاندا لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش بەبێ مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە هەر لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە دەستبەسەرن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم ٣ چالاکە ژینگەپارێزە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویانە بە تەلەفۆن پێوەندییەکی کورت بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن و لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) موحسین دادگەر، سەعید دادگەر (برای موحسین) و یاسر سابیری، لە چالاکانی ژینگەپارێزی کامێران کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەورێکی بەرچاویان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەدا هەبووە، دوای گەڕانەوە لە کوێستانی کۆساڵان لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران، ئەم چالاکانە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانە چووبوونە کۆساڵان کە لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی سوپای پاسداراندا دارستانەکانی ناوچەکەی گرتبۆوە.

هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتیانە، ڕایانگەیاندبوو کە هاتوچۆکردن بۆ ناوچەی کوێستانیی کۆساڵان قەدەغەیە و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی ئەم ٣ چالاکە ژینگەپارێزەیان دەستبەسەر کردبوو. ئەم هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکران سەرەتا براونەتە سەربازگەی سوپای پاسداران لە گوندی «ژریژە»ی سەوڵاوا و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە کراون.

رۆژی ٢٢ی جۆزەردان (١٢ی ژوەن) سوپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕێکی سەربازی لەژێر ناوی «موحەڕەم»دا کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستانی بە چڕی تۆپباران کرد کە لە ئەنجامی ئەم تۆپبارانەدا بەشێکی گەورەی ناوچە پارێزراوەکانی کۆساڵان سووتا. هاوکات هێزەکانی سوپای پاسداران هەندێ لە دارستانەکانی گوندەکانی نزیک مەریوانیشیان تۆپباران کرد کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی «بێلوو»، «دەرەتفێ»، «چۆڕ» و «بەردەڕەشە»دا.