لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا، حەوت هاووڵاتی بە ناوەکانی مامەند قوڕەیشی، جەمال بایزیدی، هیوا دەرخوردی، موختار شەریفی، تەها کەریمی، یووسف بەکری و ئارمان نیکپەی لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، سنە و مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) یووسف بەکری، خەڵکی مەهاباد و ئارمان نیکپەی، خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان، بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد و مەریوان دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕ (١١ی جولای) ٢ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی مامەند قوڕەیشی و جەمال بایزیدی بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لەم شارەدا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سنەوە بە دەستمان گەیشتووە، ٢ هاووڵاتیی خەڵکی سنەیش بە ناوەکانی تەها کەریمی و موختار شەریفی بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی پووشپەڕدا (٩ و ١٠ی جولای) بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

هەر لەم ڕۆژەدا هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریش بە ناوی هیوا دەرخوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٤ هاووڵاتی، مامۆستای ئایینی و ڕۆژنامەوانی کورد لە شارەکانی تاران، پیرانشار، شنۆ، مەهاباد، سنە و مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.