لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابیری کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا (٢٠ی ژوەن) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی کۆساڵاندا لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم سێ چالاکە ژینگەپارێزە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازراونەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە و لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی بۆ ئازادکردنی ئەم هاووڵاتیانە دیاری کردووە.

دەوترێت دادوەر سەعیدی، سەرۆکی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە، سەرەتا بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی بۆ دانابوون، بەڵام دوای سەردانکردنی بنەماڵەکانیان بۆ دادگا و پێشکەشکردنی داوای کەمکردنەوەی ڕێژەی بارمتەکە، سەرۆکی دادگا ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردووەتەوە بۆ ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن.

تا ئێستا لەسەر تۆمەتی سەر ئەم ٣ چالاکە ژینگەپارێزە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) موحسین دادگەر، سەعید دادگەر (برای موحسین) و یاسر سابیری، لە چالاکانی ژینگەپارێزی کامێران کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەورێکی بەرچاویان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەدا هەبووە، دوای گەڕانەوە لە کوێستانی کۆساڵان لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران، ئەم چالاکانە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانە چووبوونە کۆساڵان کە لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی سوپای پاسداراندا دارستانەکانی ناوچەکەی گرتبۆوە.

هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتیانە، ڕایانگەیاندبوو کە هاتوچۆکردن بۆ ناوچەی کوێستانیی کۆساڵان قەدەغەیە و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی ئەم ٣ چالاکە ژینگەپارێزەیان دەستبەسەر کردبوو. ئەم هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برابوونە سەربازگەی سوپای پاسداران لە گوندی «ژریژە»ی سەوڵاوا و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە کرابوون.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزانە لە ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەدا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون.

رۆژی ٢٢ی جۆزەردان (١٢ی ژوەن) سوپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕێکی سەربازی لەژێر ناوی «موحەڕەم»دا کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستانی بە چڕی تۆپباران کرد کە لە ئەنجامی ئەم تۆپبارانەدا بەشێکی گەورەی ناوچە پارێزراوەکانی کۆساڵان سووتا. هاوکات هێزەکانی سوپای پاسداران هەندێ لە دارستانەکانی گوندەکانی نزیک مەریوانیشیان تۆپباران کرد کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی «بێلوو»، «دەرەتفێ»، «چۆڕ» و «بەردەڕەشە»دا.