لە جەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی وەلی موحسینی و ئالان ئەردەشیری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ئاودانانی پارێزگای ئیلام و مەریوانی پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ (٢ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئالان ئەردەشیری بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) وەلی موحسینی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی موورمووریی پارێزگای ئیلام، دوای بانگهێشتکران بۆ دادگوستەری (فەرمانگەی داد)ی ئاودانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا (ژوەن و جولای ٢٠٢٣) لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدا ٢ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون، بەڵام ئەوانی دیکە، لەوانە دوو منداڵ، هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.