ئەفسانە شاهی، وەرزشوانی خەڵکی بۆکان کە سێ حەفتە لەمەوپێش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییەدا لە ورمێ ڕاگیراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

ئەفسانە شاهی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها دوو جار پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا کردووە، بەڵام لە مافی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە.

ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانیش (١٥ی ژوەن) جەعفەر (دارا) ئەمینی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و کوڕەپووری ئەم وەرزشوانە کوردە، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا.