لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەلاح فاتیحی، مانی محەممەدی، ئامانج ئەحمەدی، پووریا حسەینی، خەلیل ئەسغەری، حسەین فەتاحی و زاهید (پاشناو نەزانراوە)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی دیواندەرە، گیەڵان و مەریوان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورددا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) خەلیل ئەسغەری، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لە شوێنی کارەکەی لەم شارەدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها ڕۆژی ٢٧ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبەر) سەلاح فەتحی لە گوندی «ڕەشیدئاوا» و مانی محەممەدی لە گوندی «تەورێزخاتوون» و ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانیش (١٦ی سێپتامبەر) ئامانج ئەحمەدی و پووریا حسەینیی ١٦ ساڵان لە گوندی «ڕەشیدئاوا»ی دیواندەرە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
هەروەها حسەین فەتاحی، هاووڵاتیی خەڵکی گیەڵانی کرماشان، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە ڕۆژانی ڕابردوو و هەر لە درێژەی ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنانەدا، زاهید (پاشناو نەزانراوە)، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ڕەشەدێ»ی مەریوان، لە باخەکەی خۆی لەم گوندەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە دوو حەفتەی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی چالاکان، هاووڵاتیانی کورد دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لانیکەم ٣٢ هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سەوڵاوا، بۆکان، بانە و گیەڵان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.