سینا محەممەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شارۆچکەی بڵوانئاوای سەر بە دێولان، بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سینا محەممەدی لە شارۆچکەی بڵوانئاوا و ئەم چالاکە مەدەنییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکە کوردە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سینا محەممەدی خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان و لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمەڵاتیی «ژیار»ی دێولانە.