ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان (١٠ی سێپتامبەر) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە باخێکی گوندی «نەچێ»ی مەریواندا و زیاتر لە ٢٥ ئەندامی ئەم ئەنجومەنەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای مەریوان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان (١٠ی سێپتامبەر) کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە باخێکی گوندی «نەچێ»ی مەریواندا کەوتووەتە بەر هێرشی هێزی هاوبەش و هەماهەنگی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و پۆلیسی ئینتیزامیی مەریوانەوە و لانیکەم ٢٥ ئەندامی ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

کەمال کۆنه‌پۆشی، لوقمان کۆنه‌پۆشی، سالار ئازەری، مادێح خۆشنەواز، عەبدوڵڵا بڵواسی، کاوه کەریمیان، هیوا بابایی، عەلی عینایەت، کاوه داستان و جەمال قادری لە ڕیزی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی ئەنجومەنی چیادان.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر هەموو کەلوپەلی کەسیی بەشداربوان بەتایبەت مۆبایلەکانیاندا.