ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی گەڵاڕێزان (٧ی نۆڤامبەر) لانیکەم ١٠ بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندە جیاوازەکانی زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانە کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە حسەین هەواسی، ڕەسوول تەیمووری و بەهمەن فەتحوڵڵاهی لەگەڵ ٧ بەندکراوی دیکەدا کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەیان بەردەست نەکەوتووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

حسەین هەواسی و ڕەسوول تەیمووری هەردووکیان خەڵکی شاری کووهدەشتی پارێزگای لوڕستانن کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبوو.

موسلیم هەواسی، برای حسەین هەواسی، پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ (١٨ی جولایی ٢٠٢٣) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە درابوو.

یەکێکی تر لەو بەندکراوانەی بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە، بەهمەن فەتحوڵڵاهیی هاووڵاتیی خەڵکی تارانە کە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.