بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورددا لە زیندانی قزلحەساری کەرەج، زیندانییەکی دیکەیش بە ناوی عەلی ڕەجەبیان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە سێدارە دراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەربەیانی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) هاوکات لەگەڵ پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەرباردا لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراوە.

عەلی ڕەجەبیان، ٥٠ ساڵان و خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.