ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە (٥ی مارس) بەندکراوێک بە ناوی سەعید ڕەزایی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ٣٨ ساڵەیەی خەڵکی ورمێ نزیکەی ١٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.

بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە ئەگەر لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە (خاوەن خوێنەکان) وەرنەگیرێت، سەعید ڕەزایی بەرەبەیانی سبەینێ لە سێدارە دەدرێت.