ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی کوردی یارسان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە درا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) ڕەزا ڕەسایی کە لە بەندی ڕاوێژکاریی ٧ی زیندانی دیزڵئاوای کرماشاندا بوو، بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زیندان کراوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی و ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، لە بەشی ناوخۆیی ئەم زیندانە لە سێدارە دراوە.

بەرپرسانی زیندان دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان لە سێدارە دراوە. چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش و دوای ئامادەبوونی بنەماڵەی ڕەسایی لە بەردەم زیندانی دیزڵئاوای کرماشاندا، هێزە ئەمنییەکان دایک و خوش و براکەی ئەم زیندانییە سیاسییەیان بردووەتە گۆڕستانی مینابادی کرماشان و بە ئامادەبوونی ئەوان و لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا ئەسپەردەیان کردووە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی کوردی یارسان و خەڵکی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدڕەسوول حەقنەجاتی و ڕاوێژکاریی ئەمین محەممەدی، بە تۆمەتی «بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامی، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، «بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی بریندارکردنی بەئەنقەست بەبێ کوشتن»، «نمایشکردن و خۆنواندن بە چەقۆوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، پێدانی دیە، ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

دوو ساڵ لەمەوپێش ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان بەڕێوە چوو، لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری.

هێزە سەربازی-ئەمنییە جێگیرکراوەکان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە، لە وەڵامی دروشمەکانی خەڵکدا بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربوان و ژمارەیەی زۆریان دەستبەسەر کرد. تا چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمەکەیش کەشێکی ئەمنی باڵی بەسەر شاری سەحنەدا کێشابوو. ڕۆژێک دوای ئەو ڕێوڕەسمە، هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە نادر بەیرامی، لە کاربەدەستە پلەباڵا ئەمنییەکانی شاری سەحنە، لەو ڕێوڕەسمەدا کوژراوە.

لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) ڕەزا ڕەسایی کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، لە شەهریاری پارێزگاری تاران لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهییەوە دەستبەسەر کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ شاری سەحنە و بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو «بەشداریکردن لە کوشتن»ی نادر بەیرامیدا قبووڵ بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەشکەنجە و لێدان بە شۆکەری کارەبا، دروستکردنی هەستی خنکان لە ڕێگای کردنی توورەکەیەک بە سەردا، «جووجەکردن» کە دەست و پێی کەسەکە لە پشتەوە دەبەستن پێکەوە و بە زنجیرێک لە سەقفەوە هەڵیدەواسن، لە ڕیزی ئەو ئەشکەنجانەدا بوون کە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی سەحنە و کرماشاندا لەسەر ڕەزا ڕەسایی جێبەجێ کرابوو، بە چەشنێک کە پەنجەکانی پێ، دەست و شانی شکابوون.

ئەم هاووڵاتییە کوردە یارسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا و دوای چەند حەفتەیەک ئەم جارە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاددا، لە زیندانی دیزڵئاواوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشان کران.

کۆبوونەوەکانی دادگاییکردنی ڕەزا ڕەسایی لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو و لە سێ جاردا لە لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشان بەڕێوە چوو. دوای کۆتاکۆبوونەوە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣)، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕەزا ڕەسایی لە کۆبوونەوەکانی دادگادا چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا بە هۆی «ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن»ـەوە ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە.

لەم دۆسیەیەدا ٦ هاووڵاتیی یارسانی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد بەیگ گەڕووسی، سەیدڕەسوول ڕەزەوی، سەیدمەعسووم ڕەزەوی، ئارمین حەقیی مەنجق، پووریا مینەتیی مەنجق تەپه و شوجاع مینەتیی مەنجق تەپه بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە سزای ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە.

سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا (١٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردن نێردرایە بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای کەیفەریی کرماشان.

هەروەها لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) لقی یەکەمی دیوانی باڵای ئێران داوای پارێزەرانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەت کردەوە.

دیوانی باڵای ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە و ناڕوونییەکانی ناو دۆسیەکە، ڕایگەیاندبوو کە داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئەم هاووڵاتییە هەڵگری «مەرجە یاساییەکان» نییە و شایەتیدانی ژمارەیەک شایەتحاڵی نوێ کە شایەتییان لەسەر بێتاوانبوونی ڕەزا ڕەسایی داوە، وەک هۆکاری پێویست بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی لە قەڵەم نادات.