تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ٨ی گەڵاڕێزان، زیندانیی سیاسیی کورد سەعید سەنگەر، دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێبوردنێک لە لایەن ەزگای دادوەرییەوە، دوای ٢١ ساڵ بەندبوون لە زیندان ئازاد کراوە. ناوبراو بە درێژایی ساڵانی زیندانیبوون مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ نەدرابوو و چەندین جار لە لایەن دامەدەزگا یاسایی و ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی «پێوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا» ڕووبەڕووی دۆسیەسازی و سزای تازە ببوویەوە.

سەعید سەنگەر، لەدایکبووی ١٣٥٢ و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩دا لە شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر «فاتمی» بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقدا» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە پاش تانەلێدان لە دادگای پیاچوونەوەی سنەدا گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دەرچوونی حوکم گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران و دوای دوو ساڵ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانە، ساڵی ١٣٨٢ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٦دا گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە و بۆ جارێکی تر لە ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٤دا گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ورمێ.

سەعید سەنگەر لە پووشپەڕی ١٣٩٥دا بە ڕێکەوت و لە دیداری بەرپرسانی بەشی ئیجرای ئەحکامی زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێ گەیشتبوو کە حوکمە هەتاهەتاییەکەی کراوەتە ١٨ ساڵ، ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەفرانباری ١٣٩٩دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت لە زینداندا» حوکمی ١١ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩ و لە دۆسیەیەکی تردا لە لایەن دادگای ورمێوە حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا کەم کرایەوە بۆ ١٠ ساڵ.