مامۆستا سابیر خودامورادی، بەرنوێژی مزگەوتی گەڕەکی «قەوەخ»ی سەقز، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلایانی هەمەدانەوە سزای ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم مامۆستا کوردە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دادگای تایبەتی مەلایانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئەم سزایە لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێی ڕاگەیەنراوە.

ئەم مامۆستایە لە پووشپەڕی ١٤٠٢دا (ژوەنی ٢٠٢٣) بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلایانی هەمەدان کرابوو.

مامۆستا سابیر خودامورادی لە گوڵانی ١٤٠٢یشدا (مەیی ٢٠٢٣) بە هۆی پاڵپشتیکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی بەردەم هەمان ئەو دادگایە کرابوو و بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٧٤ قامچی و ٧ مانگ و نیو بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٣ ساڵی بەسەردا سەپێنرابوو.