لەسەر چارەنووسی حەیدەر قوبادی، مەداحی ڕەخنەگری خەڵکی کرماشان کە شەوی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) لە کاتی شینگێڕیی موحەڕەم لە گەڕەکی «کیانشار»ی کرماشان دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم مەداحە لەبەر خوێندنی مەداحی و هۆنراوەی دژەحکومەتی لە ڕێوڕەسمی شینگێڕیی موحەڕەم لە گەڕەکی کیانشاری کرماشاندا، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە توندوتیژی و لێدان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەگەرچی ڕۆژی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاو کرابۆوە کە گوایە ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ڕۆژێک دەستبەسەربوون بە واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە، بەڵام کەسانی نزیکی ئەم هەواڵە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن تا ئێستایش هەر دەستبەسەرە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.