بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو هەینی ١٢ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حەبیب (حەقموراد) ڕوستەمی لە نزیک سنووری «پەرویزخان»ی شاری قەسری شیرین لە لایەن هێزەکانی ئەرتەشی ئێرانەوە کوژراوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە حاڵێکدا کە حەبیب ڕوستەمی هیچ کاڵا و بارێکی پێ نەبووە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، لە نزیک سنووری پەرویزخان کەوتۆتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەرتەشەوە. گوللە بەر سەری حەقموراد کەوتووە و هەر ئەمەش بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی، تەرمەکەی هێشتا لای پزیشکیی دادی شاری سەرپێڵی زەهاودایە».

حەبیب ڕوستەمی ٣٠ ساڵان، دانیشتووی شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان و باوکی دوو منداڵ بووە.