شەوی چوارشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال حەیدەریان کوژرا.

تەنها لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢ کۆڵبەر لەم ناوچە سنوورییەدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە شەوی چوارشەممە لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال حەیدەریان، ٢٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «قاچیان»ی ناوچەی کەرەفتووی دیواندەرە، گیانی لە دەست داوە.

شەوی پێشووتریش گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتبوونە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی یادگار ڕەحیمی کوژرابوو و کۆڵبەرێکی دیکەیش بریندار ببوو.