ئەمڕۆ شەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دێسامبر) لە ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا کە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بووەتەوە، تا ئێستا هاووڵاتییەک بە ناوی بورهان ئێلیاسی کوژراوە و ١٠ هاووڵاتیی دیکەیش بریندار بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دێسامبر) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازێک بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆ، هێزەکانی سپای پاسداران گۆڕستانی حاجی ئیبراهیمی ئەم شارەیان گەمارۆ دا و نەیانهێشت بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هاووڵاتییان بڕۆنە ناو گۆڕستانەکەوە.

ئەم هێزانە بە گازی فرمێسکڕێژ، گوللەی ساچمە و فیشەکی شەڕ دەسڕێژیان لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە دەوروبەری گۆڕستانەکەدا کۆ ببوونەوە کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی بورهای ئێلیاسی، ٢٢ ساڵان، بە فیشەکی شەڕی هێزەکانی سپای پاسداران پێکرا و گیانی لەدەست دا.

لەم خۆپیشاندانەدا کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵەیش لە شەقامەکانی جوانڕۆدا درێژەی هەیە، لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی دیکەیش بریندار بوون کە دەوترێت دۆخی هەندێکیان خراپ و ناجێگیرە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە جوانڕۆوە گەیشتووە، ڕێوڕەسمی ڕەوانەکردن و ئەسپەردەکردنی تەرمی بورهان ئێلیاسی ئێستە لە گۆڕستانی حەسەن گایری جوانڕۆدا خەریکە بەڕێوە دەچێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان لە کرماشانەوە ڕەوانەی جوانڕۆ کراون.

لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبر) و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا دوو هاووڵاتی کە یەکیان منداڵ بوو بە ناوەکانی عیرفان کاکایی و بەهائەدین وەیسی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران. ڕۆژی دواتر، ٣٠ی گەڵاڕێزان (٢١ی نۆڤامبر)، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە گۆڕستانی حاجی ئیبراهیمی ئەم شارە، هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی هاووڵاتییان و لە دەسڕێژی ئەم هێزانەدا پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی جەوهەر فەتاحی، جەمال ئەعزەمی، تەحسین میری، ئیسماعیل گوڵعەنبەر و مەسعوود تەیمووری پێکران و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێران لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە، تا ئێستا لانیکەم ١٢١ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی‌تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١١ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.