بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی شەممە ٣ی پووشپەڕ (٢٤ی ژوەن) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٢٧ ساڵان بە ناوی وریا شەریفی گیانی لە دەست داوە.

دەوترێت لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقە لە سەری ئەم کۆڵبەرە کراوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. تەرمی وریا شەریفی براوەتە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە و تا ئەم ساتە رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوودی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان، دوو کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەڵدەی دڵ گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ١٦ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکەوتن لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.