بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی هەینی ٧ی ڕەزبەر (٢٩ی سێپتامبەر) هێزە سنوورپارێزەکان لە نزیک ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی محەممەد خالیدی، خەڵکی گوندی «چی چۆڕان»ی ناوچەی نەنۆری بانە، کوژراوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا (ئاگۆست و سێپتامبەر) لانیکەم ٦ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەردەشت و چاڵدێران بریندار بوون.