منداڵێکی کۆڵبەری ١٤ ساڵانی خەڵکی بۆکان بە ناوی ماردین ئەمینی لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی ژانڤییە) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی ١٤ ساڵان بە ناوی ماردین ئەمینی لە لای قاچەوە بریندار بووە و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی بانە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرگووشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

هەروەها لانیکەم ٤١ کۆڵبەر لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدان یان دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بریندار بوون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بووە.