حەوت ئەندامی کەمپەینی «ژیانەوەی کوردستان» بە ناوەکانی مەرزیە مورادوەیسی، عەتائوڵڵا ڕەزاڕەبابی، سیروان عەبدوڵڵاهی، فەردین ڕەحیمی، مێهدی سەیفی، عەلی ئەڵڵاوەیسی و قانیع خاتری لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە گشتی حوکمی ١٤ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گوڵان (١٩ی مەی) ئەم حوکمە بە شێوەی فەرمی بەم کەسانە ڕاگەیەنراوە. بەپێی حوکمەکە تەنها ٢ ساڵ بەندکرانی عەتائوڵڵا ڕەزابابی هەڵپەسێردراوە و ئەوانی تر دەبێ بکرێنە زیندانەوە.

کۆتاکۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ چالاکوانە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (١٤ی مارسی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردەوە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چووبوو.

ئەم ٧ ئەندامەی کەمپەینی «ژیانەوەی کوردستان» گوڵانی ١٤٠٠ (مەی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.