ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) مەتین حەسەنی، برینداری چاوی خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ٩٨ (نۆڤامبەری ٢٠١٩)، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

ئەم خۆپیشاندەرەی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و چاوی چەپی بریندار بوو. سەرەڕای تێپەڕینی ٤ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا، لەبەر ئەوەی ساچمەکە بەر دەماری چاوی کەوتووە و بۆ نەشتەرگەری نابێت، هێشتا ساچمەیەک لە چاوی چەپیدا ماوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە سەرماوەزی ١٣٩٨یشدا (دیسامبەری ٢٠١٩)، کاتێک کە لە ناوەندێکی پزیشکیی تاران لە ژێر دەرماندا بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا. مەتین حەسەنی لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەبەر سەردان و دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکاندا و چوونەسەر گۆڕی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.