مەتین حەسەنی، برینداری چاوی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (٢٠١٩)ی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣١ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بانگهێشتی بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای بۆکان کرابوو، دوای سەردانکردنی دادگا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

مەتین حەسەنیی ٢٣ ساڵان لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و لە رێکەوتی ٣ی ڕەشەمەدا (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٣دا (١٦ی مەیی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «هاندان یان فریودانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتنی یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بەڕێوە چوو و بە گشتی سزای ٣١ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم خۆپیشاندەرەی خەڵکی بۆکان ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و چاوی چەپی بریندار بوو. سەرەڕای تێپەڕینی ٤ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا، لەبەر ئەوەی ساچمەکە بەر دەماری چاوی کەوتووە و بۆ نەشتەرگەری نابێت، هێشتا ساچمەیەک لە چاوی چەپیدا ماوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر و لە سەرماوەزی ١٣٩٨یشدا (دیسامبەری ٢٠١٩)، کاتێک کە لە ناوەندێکی پزیشکیی تاران لە ژێر دەرماندا بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

مەتین حەسەنی لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەبەر سەردان و دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکاندا و چوونەسەر گۆڕی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.