بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی رۆڤی کوردستان، دۆخی تەندروستیی “سیامەک ئەشرەفی“، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لە ٩ یەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردندا ناجێگیرە، ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ڕابردوو ٨ی ڕێبەندان / ٠١.٢٨، بەهۆی دابەزین فشار و کێشی جەستەی بووراوەتەوە گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی تەندروستیی بەندیخانەکە.

سەرچاوەیەکی باوەڕێکراوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕ گوتی: “پزیشکی ناوەندی تەندروستیی نەخۆشخانەکە وشیاری داوە کە ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی نەهێنێت تەندروستییەکەی تووشی مەترسیی جدیی دەبێت. بەڵام سیامەک قبوڵی نەکرد سێرومی لێبدەن و پاشان گەڕێندرایەوە بۆ بەندەکەی”.

سیامەک ئەشرەفی لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە نزیکەی ٣ ساڵ و ٨ مانگی ماوەی ٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕکردووە و ماوەیەک پێش ئێستا داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئاراستەی ئەنجومەنی ڕیزبەندیی بەندیخانە کردبوو. ئەو ئەنجومەنەش پاش پەسندکردنی داواکارییەکە بۆ لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ بەڕێی کردبوو.

بنەماڵەی سیامەک ئەشرەفی بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکە سەردانی لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو نووسینگەیە وەڵامیان نەداونەتەوە و بێڕێزییان پێکردوون، ئەو بەندکراوە سیاسییەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن

هاوکات “بەشیر پیرماوابە“، بەندکراوێکی سیاسیی دیکەی کورد لە بەندیخانەی ورمێ کە لە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢٥ مانی لە خواردن گرتووە بەردەوامە لە مانگرتنەکەی.