تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئەمڕۆ ١٧ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٦، لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ داواکاریی “سیامەک ئەشرەفی” بۆ ئازادیی مەرجداری لە کاتێکدا ڕەتکردووەتەوە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ای ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکاری ئازادی مەرجداری و بێڕێزیکردنی کارمەندەکانی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ بەرامبەر بە بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە. هاوکات “بەشیر پیرماوانە” لە ١٣یەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردندایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ڕەوشی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ڕەوشی سیامەک ئەشرەفی لە ١٨یەمین ڕۆژی مانگرتنیدا زۆر ناجێگیرە. ئەم بەندکراوە سیاسییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گواستراوە بۆ بەشی تەندروستیی بەندیخانەی ورمێ و پزشکانی بەندیخانەکە هەوڵیاندا مانگرتنەکەی پێ بشکێنن بەڵام ئەو قبوڵی نەکردووە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە بنەماڵەکانی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییەوە کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی مانگرتنی ڕۆڵەکانیان دەبێت چاوەڕێی لێکەوتەی مەترسیدار بن.

سیامەک ئەشرەفی لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتووە.

بنەماڵەی سیامەک ئەشرەفی بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکە سەردانی لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو نووسینگەیە وەڵامیان نەداونەتەوە و بێڕێزییان پێکردوون، ئەو بەندکراوە سیاسییەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

 بەشیر پیرماوانەش لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وڵام مانەوەی داواکاریی ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٥دا / لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەرکرابوو و پاشان بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ئەو سزیە پاشان بەپێی مادەی ڕەزامەندبوون بۆ چوار ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.