شاناز سادقیفەڕ، زیندانیی سیاسیی کورد، کە لە ٩ی گەلاوێژەوە وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سەپاندنی حوکمی ١٥ ساڵ زیندان بۆ ماوەی حەفتەیەک مانی لە خواردن گرتبوو، لە ڕۆژی هەینی ٢٥ی گەلاوێژەوە لەگەڵ منداڵەکەیدا ئایناز زارع دیسانەوە مانگرتنەکەی دەست پێ کردۆتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «یەکەم جار لەبەر ئەوەی کە خانمی سادقیفەڕ پێشتر لە کوردستانی ئێراقدا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە، لەسەر داوا و پێداگریی کچەکەی دوای حەفتەیەک کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو، بەڵام ئەم جارە هەم خۆی و هەم کچەکەی، ئایناز زارع، لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێدا مانیان لە خواردن گرتووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە: «دوای بڵاوبوونەوەی دووبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ژنان و بە سەرنجدان بەو مەترسییانەی لەبەر نەخۆشیی دڵەکەی لە سەریەتی، خانمی سادقیفەڕ بە ناچار و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست حوکمە ١٥ ساڵەکەیدا و نادیاربوونی چارەنووسی کچەکەی، وێڕای ئایناز مانگرتنیان دەست پێ کردەوە».
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی زیندان داخوازییەکانی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە پشتگوێ دەخەن، هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێوەندیی هەردووکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بڕاوە و ئەمەش بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی تەندروستییاندا.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ پێشتر سەبارەت بە دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «شاناز سادقیفەڕ چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ منداڵەکەیدا بە ناوی ئایناز زارع چووبوونە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی چەند ساڵێک ببوونە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان، بەڵام مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو و لەسەر داوای بنەماڵەکەی و دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێدا گەڕانەوە بۆ ئێران».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری «سەیرانبەند»ی بانە دوای ئەوەی ئەم دوو کەسە هاتنە ناو ئێرانەوە یەکسەر دەستبەسەریان کردن، بەڵام دوای پرسیارکردن لە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ئازادیان کردن تاکوو خۆیان بەم ڕێکخراوە سەربازی و ئەمنیەتییە بناسێنن: «دوای ئەوەی چوونە لای ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، لێپرسەوەکان پێیان وتبوون سبەینێ وەرنەوە و دەتوانن شەو لای بنەماڵەکەیانا بن، بەڵام ڕۆژی دواتر و دوای ئەوەی چوونەوە بۆ لای ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، یەکسەر دەستبەسەر کران و بۆ دوو مانگ خرانە ژێر لێپرسینەوە».
ئەم سەرچاوەیە باسی گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحیی سەر ئەم ژنە و منداڵەکەی کرد و دەڵێت لێپرسەوە ئەمنیەتییەکان داوایان لێ کردبوو هاوکاریی سپای پاسداران بکات و بە زۆر دان بە هەندێ شتدا بنێت: «خانمی سادقی و منداڵە ١٧ ساڵەکەی واتە ئایناز زارع، بۆ نزیکەی دوو مانگ لە یەک ژووری تاکەکەسی و لە ژێر لێپرسینەوەی بەردەوامدا بوون و ئینجا گواسترانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ. بە درێژایی ئەم ماوەیە چەندین جاری دیکەیش بۆ لێپرسینەوە برابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا لە نزیک پادگانی ئەلمێهدیی سپا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕدا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلح شەیخلوو دادگایی کرا و دوو ڕۆژ دواتر لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی«چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک)» حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.
ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لە مافی هەڵبژاردنی پارێزەر بێبەش کرابوو. دەوترێت ئایناز زارعیش لە دادگای منداڵانی ورمێدا دادگایی کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ڕەوتی دادگاییکردنەکەی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردۆتەوە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی کورد سەرەڕای ئەوەی ئەماننامەیان وەرگرتووە و لەگەڵ دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەماهەنگییان کردووە، بەڵام دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراون و ڕووبەڕووی دادگاییکردن و حوکمی قورس بوونەتەوە. لانیکەم دوو کەس لەمانە ڕووبەڕووی تۆمەتی «موحارەبە» بوونەتەوە کە دەشێت حوکمی زۆر قورسی بە دواوە بێت.