ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی گەڵاڕێزان لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «شاهگڵدی»، بڕیاری دەستبەسەربوونی فەرانەک جەمشیدیی چالاکی ژینگەپارێزی کوردی بۆ پێنجەمین جار درێژ کردەوە. هەروەها ڕۆژی شەممە ٣ی گەڵاڕێزان ئەندیشە سەدری، خوێندکاری لقی هونەر و خوشکەزای فەرانەک جەمشیدی کە ١٥ی ڕەزبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو، گواستراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتی سنە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «لە حاڵێکدا کە پێشتر بە بنەماڵەی فەرانەک جەمشیدی وترابوو کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراو لە بەرواری ٨ی گەڵاڕێزاندا دەگۆڕدرێت بۆ بڕیاری بارمتەدانان، بەڵام دیسانەوە لە ژێر زەخت و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات و بە هاوکاریی دادوەر شاهگڵدی، بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی بۆ مانگێکیتر درێژ کرایەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، فەرانەک جەمشیدی لە سەرەتای دەستبەسەربوونەوە تا ئێستا تەنیا دوو جار دوو پێوەندیی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و هێشتا هەر لە ژێر لێپرسینەوە و گوشارێکی سەختدایە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت. ناوبراو بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و شەوان دەگەڕێنرێتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتی سنە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «ئەندیشە سەدری، خوێندکاری لقی هونەر و خوشکەزای فەرانەک جەمشیدی کە ١٥ی ڕەزبەر لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی دیکەدا لە تاران دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ٣ی گەڵاڕێزان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تارانەوە گواستراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتی سنە.»
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت خانمی سەدری لە کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتی سنەوە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و ڕایگەیاندووە کە نازانێ بۆچی بۆ درێژەی لێپرسینەوەکان گواستراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی فەرانەک جەمشیدی کە ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە و دەستبەسەریان کرد. بنەماڵەی خانمی جەمشیدی وتوویانە ئەو کەسانە کە جلوبەرگی مەدەنیشیان لەبەر بووە، وێڕای پشکنینی ماڵەکە دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی ناوبراودا، وەک کۆمپیتەر و مۆبایلەکەی، گرتووە.
فەرانەک جەمشیدی پێشتر لە پاییزی١٣٩٧دا و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و دەستەجەمعیی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا، چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنییەکانەوە بانگ کرا و لەسەر چالاکییەکانی خۆی و هاوسەرەکەی، ئارمین ئێسپێرلووس کە ئەویش ئەوکات دەستبەسەر بوو، لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
سنە؛ بڕیاری دەستبەسەربوونی فەرانەک جەمشیدی بۆ پێنجەمین جار درێژ کرایەوە / ئەندیشە سەدری لە تارانەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی سنە

حوجەت هەواسیزادە لە کەرەج لە سێدارە درا
سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی کووهدەشت بە ناوی حوجەت هەواسیزادە کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» ئەو سزایەی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج...
زیاتر بخوێنەوەڕاپۆرتی ساڵانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ـ ١٤٠٣ی هەتاوی
ڕاپپۆرتی ساڵی ١٤٠٣ کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای مردنی ئیبراهیم ڕەییسی، سەرکۆماری پێشووی ئێران و لە ئەندامانی «لیژنەی مەرگ» بۆ بەکۆمەڵکوشتنی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی...
زیاتر بخوێنەوەبەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئازەربایجان و کوردستان: بەرەنگاری شەڕنانەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ ببینەوە
ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی نەورۆزەوە لە لایەن هاووڵاتیانی کوردی ورمێوە لەم شارەدا بەڕێوە چوو. لەم ڕێوڕەسمەدا دەیان هەزار...
زیاتر بخوێنەوە