به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، تاهیر ڕەفعەت، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ کە خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا، دۆخی دوسیەکەی هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە ٤٠ ساڵەیە دوای دەستبەسەربوون بۆ ماوەی ٢ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کەوتە ژێر لێپرسینەوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا. ناوبراو لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە ڕێکخراوە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵاتدا»، «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» بە ڕیز سێ حوکمی ١٥، ١ و ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

تاهیر ڕەفعەت بابەتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردۆتەوە و تێیدا پشتیوانیی لە «کچی شین» (ئەو کچەی لەبەر لایەنگری تیپی ئیستیقلال دەستبەسەر کرا و دواتر خۆی کوشت) و دژایەتیی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێدا کردووە، کەچی نەجەفزادە، دادوەری لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب، ئەمەی بە بەڵگەی ئەندامبوون لە ڕێکخراوە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵات لە قەڵەم داوە.

چەند مانگ لەمەوپێش ئەم حوکمە لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە لە لایەن لقی ٦ی دیوانی باڵای ئێرانەوە سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ.