بهپێی زانیارییهكانی تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ دوابەدوای ئەوەی زیندانییەک بە ناوی حوجەت کازمنژاد بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا و کەوتە بەر لێدانی گاردی زیندانەوە، بە دەیان زیندانیی بەندی ١-٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ پشتیوانیکردنی ئەو زیندانییە و دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی دۆسیەکانی خۆیاندا، بە گژ گاردی تایبەتی زینداندا چوونەتەوە.
لەم ڕووداوەدا کە تا چەند کاتژمێر هەر بەردەوام بوو، گاردی تایبەتی زیندان لەسەر بانی زیندانەکەوە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی پلاستیکییان بەرەو ئەو زیندانییە ناڕازییانە تەقاندبوو کە لەبەر کەوتنەوەی ئاگر لە بەندەکەدا چووبوونە حەوشەی بەندەکەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تا ئێستا لانیکەم ٣٠ بەندکراو بریندار بوون. دوای ئامادەبوونی بەربڵاوی گاردی تایبەتی زیندان و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکاریی زیندانییەکان لەسەر پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دیاریکردنی چارەنووسی دۆسیەکانیان، بەندکراوان کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکە هێناوە و دۆخی بەندەکە هێمن بۆتەوە.
دەوترێ دوای ئەم گرژی و تێکهەڵچوونە، حوجەت کازمنژاد کە هەندێ شوێنی لەشی دوای خۆسووتاندنەکە تووشی برینی سووتان بووە، لە لایەن هێزێکی جلمەدەنییەوە گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەی زیندان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە. ناوبراو بۆ ئەوە لە بەردەم بنکەی پاسەوانیی زینداندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەر داوە کە سەرەڕای کۆتاییهاتنی حوکمەکەی هێشتا ئازاد نەکراوە.
زیندانییە بریندارەکان لە گرووپی چەندکەسیدا براونەتە نەخۆشخانەی زیندان و دوای پانسمانکردن گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو بەندەکە.