به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، كاتژمێر ١١ی شه‌وی ڕابردوو ٦ی ڕه‌شه‌مه (٢٤ی فیبریه)، زیندانی سیاسیی كورد سه‌كینه په‌روانه به بیانووی گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی زیندان بانگهێشتی نووسینگه‌ی پاسەوانی كراوه و له‌وێوه ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار كراوه.
ناوبراو ٢٤ی سه‌رماوه‌ز(١٤ی دیسه‌مبه‌ر)، به هۆكاری نادیار له زیندانی قوچان، شوێنی نیشته‌جێی بنه‌ماڵه‌كه‌ی گواستراوه بۆ زیندانی مه‌شهه‌د. ئه‌م زیندانیە سیاسییه دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ زیندانی ژنانی مه‌شهه‌د له قه‌ره‌نتینه و به‌ندی ٦ی ئه‌م زیندانه مافی چاوپێكه‌وتن و دیداری بنه‌ماڵه هه‌روه‌ها ڕۆشتن بۆ حه‌وشه‌ی به‌نده‌كه‌ی لێ زه‌وت كراوه.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له مانگی گه‌ڵاڕێزانی ئه‌مساڵدا دوای ئه‌وه‌ی که به‌رپرسانی زیندان باسی ئه‌گه‌ری دوورخستنه‌وه‌یان بۆ به‌ندیخانه‌ی ئیسفه‌هان كردبوو، بۆ ماوه‌ی بیست ڕۆژ به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین مانی له خواردن گرتبوو. ناوبراو له ماوه‌ی مانگرتنه‌كه‌ی و له حاڵێكدا کە چه‌ندین ڕۆژ بوو لێوه‌كانی دووریبوویه‌وه، كه‌وتبووه ژێر ئه‌شكه‌نجه و لێدانی هێزه ئه‌منییه‌كانەوە.
ناوبراو له كۆتاییه‌كانی مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵدا له ژووری تاكه‌كه‌سیی به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامینەوە ڕه‌وانه‌ی نەخۆشخانەی ده‌روونپزیشكیی ئه‌مین‌ئاوای شاری‌ڕه‌ی كرا و سه‌ره‌ڕای داواکاریی پزیشكه‌كان لەسەر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه، بۆ ماوه‌ی مانگێك له دۆخی دژواری ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا ڕاگیرا. سه‌كینه په‌روانه له دایك بووی ١٣٦٧(١٩٨٨)، شاری قوچانی پارێزگای خوراسانی ڕه‌زه‌وییه..
ئه‌م زیندانیه سیاسییه پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به‌پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه، بەرپرسە ئه‌منییەکانی كۆماری ئیسلامی له ١٥ی گه‌ڵاڕێزانی ١٣٨٩دا(٦ی نۆڤه‌مبه‌ر) به بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و دواتر ناردوویانه‌ته‌دەستبەسەرگەییەکی تایبەت بە دەزگای ئێتلاعات سپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی شاری تارا. قۆناغی ده‌ستبه‌ربوونی سێ مانگەی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا تێپەڕیوە.
پەیام دەڕەفشان، پارێزەری ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له ڕێكه‌وتی ٥ی جۆزه‌ردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند سزای ٥ ساڵ زیندان و ٣ ساڵ قەدەغەکردنی ئه‌ندامێتی له ده‌سته و لایه‌نه سیاسییه‌كانی بە سەر ئەو خانمەدا سەپاندووە. بە پێی حوكمی دادگا، تۆمه‌تی په‌روانە بریتییە لە «ئه‌ندامێتی له گرووپه‌كانی دژ به حکوومەتدا به مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات.»
سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤین‌دا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری‌ڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕ و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، دیسان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربوونی تاكوو ئێستا له زیندانیه‌كانی ئێڤین، تاران، قه‌رچه‌ك و ورامین، قوچان و مه‌شهه‌د بووه.