سەرەڕای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئارام فەتحی و سورەییا حەقدووستدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان، تا ئێستایش هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتی سەر ئەم دوو چالاکە مەدەنییە ڕانەگەیندراوە. ئارام فەتحی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندایە و سورەییا حەقدووستیش لە بەندی ژانانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنەدایە. دەوترێت لەبەر بێبەشکردنی هەردووکی ئەم کەسانە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەواودەرمانی پێویست، دۆخی تەندروستییان باش نییە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «خانمی حەقدووست نەخۆشیی دیسکی کەمەری قورسی لەگەڵدایە و نۆبەتی نەشتەرگەریی بۆ دانرابوو و لەبەر شێوازی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، دۆخی نەخۆشییەکەی خراپتریش بووە، بە جۆرێک کە ناچار بوون بۆ گواستنەوەی لە مەریوانەوە بۆ سنە لە ئامبولانس کەڵک وەربگرن. بنەماڵەی سورەییا حەقدووست لەم ڕۆژانەی دواییدا بەڵگەنامە پزیشکییە پێوەندیدارەکانیان ڕادەستی داواکاریی گشتیی مەریوان کردووە و توانیویانە دەستووری داواکار وەربگرن کە ناوبراو پێویستیی خێرای بە چارەسەری پزیشکی هەیە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی سنە ئامادە نەبوون ئازادی بکەن و ڕایانگەیاندووە کە پزیشکی جێباوەڕی زیندان چوارشەممەی حەفتەی داهاتوو لە دۆسیەکەی ئەکۆڵێتەوە».


سورەییا حەقدووست، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئێن جی ئۆی «یانەی مرۆڤ»ی مەریوان، لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەرداندا لە لایەن کەسێکەوە کە خۆی بە کاربەدەستی ئیدارەی ئەماکنی گشتیی ناجا ناساندووە تەلەفۆنی بۆ کراوە و داوای لێ دەکرێ زۆر خێرا بچێتە نووسینگەی ئەو ئیدارەیە لە شاری مەریوان. بەڵام ناوبراو هەر کە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و لە ڕێگای ڕۆیشتندا بۆ ئیدارەی ئەماکن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێت.


ناوبراو هەر لەو ڕۆژەدا و دوای چوونە بەردەم دادگا و دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتی، لەبەر ئەوەی مەریوان زیندانی ژنانی لێ نییە، لە حاڵێکدا کە بە هۆی تەشەنەسەندنی ئێشی دیسکی کەمەرەوە توانای جووڵەی لێ بڕابوو، بە ئامبوڵانس گواستراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە. خوشکی ئەم چالاکە مەدەنییە لە زینداندا دیدارێکی زۆر کورتی لەگەڵ کردووە و لەو دیدارەدا سورەییا حەقدووست وتوویەتی سەرەڕای ئەوەی لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە و پێویستی بە دەرمانکردنی جیدییە، تەنها چەند جارێک بردوویانەتە نەخۆشخانەکەی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت و تا ئێستا هیچ دەرمان و چارەسەرێکی جیدیی بۆ دابین نەکراوە.


بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئارام فەتحییش سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیی ڕۆماتیسمی لەگەڵە و پێویستە حەفتانە لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا چارەسەر وەربگرێت، تا ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا دەواودەرمانەکەی پێ نەدراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان داواکاری گشتیی مەریوان ڕایگەیاندبوو کە گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندان و داوای لە بنەماڵەکەی کردبوو دەواکانی ڕادەستی بەرپرسانی زیندان بکەن.


حەفتەی ڕابردوو دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی گوایە ئارام فەتحی گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی مەریوان، ناوبراو لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ دایکیدا وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی کە هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە.


ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنی لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەرداندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە مەریوان دەستبەسەر کرا. ناوبراو لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی بانگهێست و دەستبەسەر کراوە. دوایین جار کە لە ساڵی ١٣٩٨دا دەستبەسەر کرا، دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیشیدا گیرا و چوونەدەرەوەی لە ئێران قەدەغە کرا.