ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، هەردوو چالاکی مەدەنیی کورد ئارام فەتحی و سورەییا حەقدووست، دوای ١١ ڕۆژ دەستبەسەربوون هەرکامەو بە بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئارام فەتحی لە قۆناغی دەستبەسەربووندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بووە و ئەشکەنجە کراوە. هەروەها سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیی ڕۆماتیسمی لەگەڵە و پێویستە حەفتانە لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا چارەسەر وەربگرێت، خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەواودەرمانی بۆ دابین نەکراوە»

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئارام فەتحی لە لایەن دادسەرای مەریوانەوە تۆمەتبار کراوە بە «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی بانگەشەکردنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی سەرکۆمارییەوە.

هاوکات سورەییا حەقدووستیش ئەمڕۆ بە شێوەی کاتی و تا زەمانی بەڕێوەچوونی دادگا، بە دانانی بارمتە لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراوە. هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی ئەم چالاکە مەدەنییەیان دەستبەسەر کردبوو، لەبەر نەبوونی زیندانی ژنان لە مەریوان گواستبوویانەوە بۆ سنە. بەڵام بە هۆی تەشەنەسەندنی ئێشی دیسکی کەمەر و دۆخی خراپی تەندروستیی ناوبراو، بە ئامبوڵانس گواستبوویانەوە.

.ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنی لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەرداندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە مەریوان دەستبەسەر کرا. سورەییا حەقدووست، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئێن جی ئۆی «یانەی مرۆڤ»ی مەریوانیش هەر لەم ڕۆژەدا لە لایەن کەسێکەوە کە خۆی بە کاربەدەستی ئیدارەی ئەماکنی گشتیی ناجا ناساندووە تەلەفۆنی بۆ کراوە و داوای لێ دەکرێ زۆر خێرا بچێتە نووسینگەی ئەو ئیدارەیە لە شاری مەریوان. بەڵام ناوبراو هەر کە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و لە ڕێگای ڕۆیشتندا بۆ ئیدارەی ئەماکن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێت. 

ئارام فەتحی لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی بانگهێست و دەستبەسەر کراوە. دوایین جار کە لە ساڵی ١٣٩٨دا دەستبەسەر کرا، دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیشیدا گیرا و چوونەدەرەوەی لە ئێران قەدەغە کرا.